دوای لێکۆڵینەوەم لە تێڕوانین و پێناسەی چەندین دەروونناس و فەیلەسوفی وەکو (فڕانکڵ، یالوم، یۆنگ، فڕۆید، هایدگەر، فۆڵتێر، ئەمەل مەبروک، جۆن ماکواری، غەزالی، غاندی..هتد)، دەربارەی حەقیقەتی مردن و پڕۆسەی مردن و دڵڕاوکێی مردن، گەیشتمە ئەم پێناسەیە، بەنزیکەی کۆکراوەی ناوەڕۆکی کۆی پێناسەکانە.
پێناسەی دڵەڕاوکێی مردن: بریتییە لە هۆشیاری و زانینی مرۆڤ دەربارەی مردنی خۆی (واتە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەزانێت دەمرێت)، ئەم هۆشیاری و زانینەش جۆرێک لە دڵەڕاوکێی وجوودی و درێژخایەن دروست دەکات، چارەسەریش بۆ ئەم دڵەڕاوکێیە، قبوڵکردنی مردن و گۆڕینی تێڕوانینە بۆ مردن وە دۆزینەوەی مانایە لە ژیاندا.
بۆچی قسەکردن لەسەر مردن گرینگە؟
کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی هەن، دواتر ئاماژە بەناو و سەرچاوەکان دەکەین، کۆکراوەی توێژینەوەکان دەڵێن قسەکردن لەسەر دڵەڕاوکێی مردن گرینگە لەبەر ئەم هۆکارانە:
١.مردن وەکو پرسێکی بوونگەرایی: مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەزانێت دەمرێت، ئەم زانینەی دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێی مردن. جۆن ماکواری دەڵێت: "فەلسەفەی بوونگەرایی گرینگی بە مردن دەدا و دەیکاتە بابەتی سەرەکی خۆی، چونکە دەچێتە قوڵایی بوونی مرۆیی و بەناخی ئەو هەبووەدا ڕۆدەچێ".
٢.شەڕ و جەنگەکان: بەهۆی مەترسی بەردەوامی تەقاندنی چەکی ئەتۆم و نزیکبوونەوەی جەنگی جیهانی سێیەم، دڵەڕاوکێی مردن بەردەوامی بە بوونی دەدات، ئەوەش دوای ئاوابوونی خۆری ئاشتی جیهانی و چارەسەر مەدەنی و گفتوگۆ، زلهێزانی هەردوو جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە شەڕی یەکتردان بەوەکالەت، دوای قۆناغی شەڕی وەکالەت، شەڕەکە دەبێتە شەڕی ڕاستەوخۆ.
٣.پەتا جیهانییەکان و نەخۆشە کوشندەکان: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە سەیر و سەرەمەرەکان وەکو ئەنفۆزای باڵندە و کۆڤید-١٩ و سورێژەی مەیمون..هتد، ئاستی دڵەڕاوکێی مردن زیاد دەکات، چونکە ڤایرۆسەکان بازدانیان هەیە، چارەسەریان قورسە و ڤاکسینیان ئاسان نییە و کاتی زۆری دەوێت.
٤.مردن و مانای ژیان و شێوازی ژیان: مانای ژیان لای ئەوانەی دەزانن دەمرن جیاوازە، لە مانای ژیان لای ئەوانەی نازانن دەمرن. شێوازی ژیانی ئەوانەی بیر لە مردن دەکانەوە، جیاوازە لە شێوازی ژیانی ئەوانەی بیر لە مردن ناکانەوە. بۆیە مردن لێکمان جیادەکاتەوە، ئەوانەی لە مردن هەڵدێن و دەترسێت، ئەوانەی مردن بە پڕۆسەیەکی ئاسایی دەزانن. نیچە دەڵێت: "بە مردن ژیان کۆتایی دێت بەڵام بە بیرکردنەوە لە مردن ژیان دەست پێدەکات".
٥.شڵەژانە دەروونی و جەستەیەکان: توێژینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە، ئەگەر خوێندنەوە و تێگەیشتنی دروست بۆ مردن دروست نەکەین، دڵەڕاوکێی مردن دەبێتە هۆکاری نەخۆشی جەستەیی و شڵەژانی دەروونی. "یەکێک لەوانە سیگمۆند فڕۆید پێی وایە دڵەڕاوکێی مردن سەرچاوەیەکی قوڵی سەرجەم جۆرەکانی تری دڵەڕاوکێیە، بەڕای کارل یۆنگیش هەموو ئایینە سەرەکیەکانی جیهان وەکو پێکهاتەیەکی ئاڵۆز وان بۆ ئامادەکردنی مرۆڤ بۆ پەسەندکردنی بیرۆکەی مردن".
مردن لە ڕوانگەی ئایین و زانست و فەلسەفە مانای چییە؟
١.لە ڕوانگەی ئایینەوە: هەموو پێغەمبەرانی ئایینە ئاسمانییەکان هاتوون بۆ ئەوەی، هەواڵی کۆتایی هاتنی ژیانی دونیا و هەواڵی بوونی ژیانی دواڕۆژیان بدەن بە مرۆڤ، مردنیش پڕۆسەی گواستنەوەیە لە ژیانی دونیا بۆ ژیانی دواڕۆژ. م.ناصری سوبحانی دەڵێت: "کاتێک کەسێکی بڕوادار دەمرێت، ئەوا تەنیا جەستەکەی لەناو دەچێت، بەڵام ڕۆحەکەی درێژە بە ژیانێکی تر دەدات و لەناو جیهانێکی دیکەدایە، ژیانێکی پڕ لە خۆشی و ئاسوودەیی بەسەر دەبات، لە ڕاستیدا مەرگ پڕۆسەی دەرچوونی ڕۆحە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی، مەرگی ئەو جۆرە کەسە، تەنیا ئەنجامدانی سەفەرێکە، لە ژیانێکەوە بۆ ژیانێکی دی. لە جەستەوە بۆ بەرزەخ، لەدونیاوە بۆ جیهانی باڵا". 
٢.لە ڕوانگەی زانستەوە: مردن لەڕوانگەی زانستەوە تەنها وەستانی لێدانی دڵ و هەناسەدان و وەستانی چالاکی مێشک و لەکارکەوتنی بەرگری لەشە، زانست بە هیچ جۆرێک هیچ وڵامێکی پێ نییە بۆ دوای مردن. تەنها دەتوانێت شیکردنەوە بۆ جەستە بکات. 
٣. لە ڕوانگەی فەلسەفەوە: بابەتی مردن هەر لە فەیلەسووفەکانی یۆنانەوە تاکو فەیلەسووفەکانی ئەمڕۆ جێگەی بیرکردنەوە و تێڕامان بووە، نمونە لە تێڕوانینی فەیلەسووفە کۆنەکان: 
١. تالیس: "مەرگ بنەمای هەموو شتێکە".
٢.سوقڕات: "سەرچاوەی ترسان لە مردن داناییەکی دروست نییە، کێ دەزانێ لەوانەیە مردن چاکەیەکی مەزن بێ، ئەو شتەی کە خەڵکی وەکو ترسناکترین شت ڕووبەدووی دەبنەوە". 
نموونە لە تێڕوانینی فەیلەسووفە نوێیەکان: 
١.شۆپنهاوەر دەڵێت: "کاتێک مرۆڤ ڕۆ دەچێتە قوڵایی بوون، بۆی دەردەکەوێ کڕۆکی ژیان دەرد و مەینەتییە، هەروەها پێی وای بوونی ئەو هیچ نیە جگە لە کەوتنێکی بەردەوام بۆ ناو مردن". 
٢.کامۆ دەڵێت: "ئێمە دەمرین، مردنی ئێمەش بێ ئەملاوئەولایە و هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێ".
٣.هایدگەر: "مردن گەیشتنە بە کۆتایی، واتە بونەوەر بەتەنها خۆی دەمرێ و کەس ناچێتە جێگەی ئەو".